يَكَادُ ٱلۡبَرۡقُ يَخۡطَفُ أَبۡصَٰرَهُمۡۖ كُلَّمَآ أَضَآءَ لَهُم مَّشَوۡاْ فِيهِ وَإِذَآ أَظۡلَمَ عَلَيۡهِمۡ قَامُواْۚ وَلَوۡ شَآءَ ٱللَّهُ لَذَهَبَ بِسَمۡعِهِمۡ وَأَبۡصَٰرِهِمۡۚ إِنَّ ٱللَّهَ عَلَىٰ كُلِّ شَيۡءٖ قَدِيرٞ
نزیکە ئەو ھەورە بریسکەیە لەتاو توندی بریسکە وبەرزبوونەوەی ڕوناکی چاوەکانیان بەرێت ونەیھڵێت، وە کاتێکیش ھەورە بریسکەکە ڕوناکیەکەی دەداتەوە وڕێگا ڕۆشن دەبێتەوە دەیانەوێت ھەنگاو ھەڵگرن وپێشکەون، وە کاتێکیش ھەورە بروسکەکە ڕوناکیەکەی نەما لەشوێنی خۆیان لەناو تاریکیدا دەمێننەوە وناتوانن بجوڵێن وھەنگاو ھەڵگرن، جا ئەگەر خوای گەورە بیەوێت ئەوا بەدەسەڵات وگەورەیی خۆی بەسەر ھەموو شتێکدا گوێ وچاوەکانیان لێ دەسێنێتەوە، وبەھیچ شێوەیەکیش بۆیان ناگەڕێتەوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی کە ئەوان پشتیان کردە ھەق وڕاستی، جا نمونەی ئەو بارانە وەک نمونەی قورئان وایە، وە دەنگی ھەورە تریشقەکە وەک ئەو سەرکۆنە وسەرزەنشتانە وایە کە خوای گەورە لە قورئاندا ڕوو بەڕویان دەکاتەوە، وە نمونەی بریسکەکەش وەک دەرکەوتنی ھەق وایە کە ھەندێک جار بۆیان دەردەکەوێت، وە داخستنی گوێکانیشیان لە تاو توندی ھەورە تریشقەکە، وەک نمونەی خۆیان وایە کاتێک گوێ بیستی ھەق وڕاستی دەبن کەچی گوێی پێ نادەن ووەڵامی نادەنەوە، بۆیە خاڵی لێکچووی نێوان دووڕووەکان و ئەو دوو نمونەیە ئەوەیە کە ھیچ سودێک بەدەست نایەت، لە نمونە ئاگریەکەدا: کاتێک ئاگرەکە بڵێسەی سەند وداگیرسا ئەو دووڕوانە تەنھا تاریکی وسوتێنەری ئاگرەکەیان بۆ مایەوە، وە لە نمونە ئاویەکەشدا: ئەوانەی بارانەکەیان بەسەردا باری ھیچ سودێکیان لەو بارانە نەبینی جگە لە ترس وبیم نەبێت کە دووچاریان بوو بەھۆی ھەورە تریشقە وبروسکەکەیەوە، بە ھەمان شێوە دووڕوەکانیش تەنھا شتێک لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام ھەستی پێدەکەن بەر چاویان دەکەوێت توند وتیژیەکەیەتی (ئیتر ئەو ھەمووە ڕەحمەت وسۆز ومیھرەبانیەی کە خوای گەورە باسی دەکات بۆ نەوەکانی ئادەم ھیچی نابینن و ھەستی پێ ناکەن).
التفاسير: