فَمَنۡ أَظۡلَمُ مِمَّنِ ٱفۡتَرَىٰ عَلَى ٱللَّهِ كَذِبًا أَوۡ كَذَّبَ بِـَٔايَٰتِهِۦٓۚ أُوْلَٰٓئِكَ يَنَالُهُمۡ نَصِيبُهُم مِّنَ ٱلۡكِتَٰبِۖ حَتَّىٰٓ إِذَا جَآءَتۡهُمۡ رُسُلُنَا يَتَوَفَّوۡنَهُمۡ قَالُوٓاْ أَيۡنَ مَا كُنتُمۡ تَدۡعُونَ مِن دُونِ ٱللَّهِۖ قَالُواْ ضَلُّواْ عَنَّا وَشَهِدُواْ عَلَىٰٓ أَنفُسِهِمۡ أَنَّهُمۡ كَانُواْ كَٰفِرِينَ
ھیچ کەس ھێندەی ئەو کەسە ستەمکار نییە کە درۆ بە ناو خواوە ھەڵدەبەستێت، ئەو درۆیەی کە ھاوەڵی بۆ بڕیار بدات، یان ناتەواویەک بداتە پاڵ خوا، یان گوفتارێک خوا نەیفەرمووە بە ناو خواوە ھەڵیبەستێت، یان بەڵگە و نیشانەکانی خوا بە درۆ بزانێت، ئەو ئایەت و نیشانە بەرز و پیرۆزانەی کە مایەی ھیدایەت و ڕێنوێنی خەڵکین بۆ سەر ڕێگای ڕاست، ئەمانە لە دونیادا دەگەن بە بەش و نسیبی خۆیان لە ڕزق و ڕۆزی و کارو کردەوەیەك کە خوای گەورە لە (لوح المحفوظ) دا بۆی نوسیون، تا ئەو کاتەی فریشتەی گیان کێشان و ھاوکارەکانی دێنە لایان و گیانیان دەکێشن، بە سەرزەنشتێکەوە پێیان دەڵێن: کوان ئەو خوایانەی کە جگە لە خوای گەورە دەتانپەرستن؟ دەی بانگیان بکەن تاوەکو فریاتان کەون، بتپەرست و موشریکەکان بە فریشتەکان دەڵێن: ئەو بت و خوا درۆینانەمان لێ بزر بوون، نازانین چیان لێھات، ئەو کاتە دانی پێدا دەنێن و شایەتی دژ بە خۆیان دەدەن، کە ئەوان لە دونیادا بێباوەڕ بوون، بەڵام لەو کاتەدا داننان بەو شتانەدا بەڵگەیە لەسەر خۆیان و ھیچ سوودێکی نییە بۆیان.
التفاسير: