۞ ٱللَّهُ نُورُ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِۚ مَثَلُ نُورِهِۦ كَمِشۡكَوٰةٖ فِيهَا مِصۡبَاحٌۖ ٱلۡمِصۡبَاحُ فِي زُجَاجَةٍۖ ٱلزُّجَاجَةُ كَأَنَّهَا كَوۡكَبٞ دُرِّيّٞ يُوقَدُ مِن شَجَرَةٖ مُّبَٰرَكَةٖ زَيۡتُونَةٖ لَّا شَرۡقِيَّةٖ وَلَا غَرۡبِيَّةٖ يَكَادُ زَيۡتُهَا يُضِيٓءُ وَلَوۡ لَمۡ تَمۡسَسۡهُ نَارٞۚ نُّورٌ عَلَىٰ نُورٖۚ يَهۡدِي ٱللَّهُ لِنُورِهِۦ مَن يَشَآءُۚ وَيَضۡرِبُ ٱللَّهُ ٱلۡأَمۡثَٰلَ لِلنَّاسِۗ وَٱللَّهُ بِكُلِّ شَيۡءٍ عَلِيمٞ
اللە تەعالا نوور و ڕووناکی ئاسمانەکان و زەوییە، وە ھیدایەتدەر و ڕێنوماییکاری ئەوەی تێیاندایە، نمونەی نوور و ڕووناکییەکەی (پاکوبێگەردی بۆ ئەو) لە دڵی باوەڕداردا وەک تاقی ناو دیوارێکی بێ دەرچەیە، ئەو تاقە چرایەکی پرشنگداری پڕ نووری گەورەی تێدا کۆ بووبێتەوە و پەرت نەبووبێت، ئەو چرایەش لە شوشەیەکی سافی درەوشاوەدا بێت، ئەو شوشەیەش وەکو ئەستێرەیەکی گەش و درەوشاوە وابێت، ئەو چرایەیش بە زەیتی دار زەیتونێکی پڕ فەڕ و بەرکەت دابگیرسێت، ئەو دار زەیتونەیش ھیچ شتێک لە ڕوناکی و ڕۆشنایی تیشکی خۆر نایشارێتەوە نە لە بەیانیان و نە لە ئێواراندا ، زەیتی زەیتونەکەیش ھێندە پاکو خاوێنە نزیکە ھەر لەخۆیەوە گڕ بگرێت و ڕووناک بێتەوە بێ ئەوەی ئاگریشی بەرکەوێت، چی جای ئەگەر ئاگری بەرکەوێت دەبێت چۆن گڕ بگرێت و بدرەوشێتەوە؟! ڕووناکی لەسەر ڕووناکییە، ڕووناکی چراکە لەسەر ڕووناکی شوشەکەیە، ئەمەش دڵی باوەڕدارە کاتێک ڕووناک دەبێتەوە بە نوور و ڕووناکی ھیدایەت، اللە تەعالا ھەر کەسێکی ویست لە بەندەکانی موەفەقی دەکات کە بۆ شوێنکەوتنی ڕووناکی قورئان، وە ئەو ھەمیشە نموونە دەھێنێتەوە بۆ خەڵکی بۆ ئەوەی باشتر و چاکتر تێبگەن، وە اللە تعالا زانا و ئاگادارە بەھەموو شتێک، وە ھیچی لانھێنی و شاراوە نییە.
التفاسير: